عێراق هەنگاوی کردەیی بەرەو بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئینتەرنێتی ئاسمانی دەنێت و دەیەوێت خزمەتگوزاریی ستارلینک لە ناوخۆی وڵاتەکەدا کارا بکات.
ئەمڕۆ مەحموود ڕوبەیعی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن ڕایگەیاند، خزمەتگوزاریی ستارلینک نابێتە جێگرەوەی ئینتەرنێتی وایفای یان کێبڵی نیشتمانی، بەڵکو سیستەمێکی ئاسمانییە کە لە زیاتر لە 160 وڵاتی جیهاندا بەکاردێت.
ڕوبەیعی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ دامەزراوە گەورەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە دوورەدەستەکان کە دەستیان بە ئینتەرنێتی ئاسایی ناگات سوودێکی زۆری دەبێت و کاریگەری لەسەر ئینتەرنێتەکانی دیکە نابێت، بەڵکو بەهۆی کەمبوونەوەی فشار لەسەر هێڵە کۆنەکان، پێشبینی دەکرێت کوالێتی باشتر بێت و نرخەکانیش دابەزن.
هەوڵەکانی عێراق بۆ هاوردەکردنی ئینتەرنێتی ئاسمانی لە کاتێکدایە کە بەکارهێنەرانی ناوخۆیی هەمیشە گسک و گلەیی لە سستی و گرانیی نرخی هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێستا دەکەن، حکومەتی عێراق ماوەیەکە لە هەوڵی چاکسازیکردندایە لە کەرتی گەیاندندا بۆ ئەوەی هاوشانی پێشوەچوونە تەکنەلۆژییەکانی جیهان بڕوات.
ستارلینک خزمەتگوزارییەکی ئینتەرنێتی ئاسمانییە کە لەلایەن کۆمپانیای (سپەیس ئێکس) لە ژێر سەرپەرشتی ئێلۆن ماسک پەرەیپێدراوە، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2019 دەستی بە کار کرد و بە هەزاران مانگی دەستکردی نزیک لە زەوی، ئینتەرنێت دەگەێننە ناوچە دوورەکان یان ئەو شوێنانەی کە تۆڕی ئینتەرنێتی تێدا لاوازە.