لێژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا پڕۆژە یاسای 'تورکیای بێ تیرۆر'ی پەسند کرد کە ئامانج لێی گواستنەوەی دۆسیەی کوردە لە باکووری کوردستان و کۆتاییهێنانە بە ململانێ چەکدارییەکان.

 

ئه‌مڕۆ لێژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا بڕیاری په‌سنكردنی پڕۆژە یاسای 'تورکیای بێ تیرۆر'ی دا. مەرجی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بریتییە لە چەکدانانی تەواوەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان و سەرجەم لقەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. دەبێت دامەزراوە ئەمنییەکان بیسەلمێنن کە هیچ چەک و تەقەمەنییەک لە دەستی ئەو گروپانەدا نەماوە و ڕێکخراوەکە هەڵوەشاوەتەوە تاوەکو یاساکە بیانگرێتەوە.

 

یاساکە ڕێگە دەدات بە دواخستنی لێکۆڵینەوە و سزاکان بۆ ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە ئەندامێتی، بەڕێوەبردن یان پڕوپاگەندەکردن بۆ ئەو ڕێکخراوە. دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بڕیاری کۆتایی لەسەر چەکدانانی په‌كه‌كه‌ بدات و لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوی بکاتەوە تاوەکو یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

به‌پێی ده‌قی یاساكه‌، ماوەی دواخستنی سزاکان لە نێوان 5 بۆ 10 ساڵ دەبێت و بەپێی جۆری تۆمەتەکان و ماوەی حوکمەکان دە گۆڕێت. لەو ماوەیەدا سەرجەم بەڵگەکان و دۆسیەکان دەپارێزرێن و ئەگەر کەسانی سوودمەند لە یاساکە مەرجەکان پێشێل بکەن، لێپرسینەوە یاساییەکان بە شێوەیەکی خۆکار دووبارە دە ست پێ دەکەنەوە.

 

لە لایەکی تره‌وە، پەرلەمان چەند ماددەیەکی تری پەیوەست بە منداڵانی تاوانبار و قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەقۆی بە منداڵان پەسند کردووە. بەپێی یاسا نوێیەکە، فرۆشتنی چەقۆ و ئامێرە تیژەکان بە مێردمنداڵانی خوار 18 ساڵ بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کرا و سزا بۆ سەرپێچیکاران دیاری دەکرێت.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، بڕیاری په‌سنكردنی پڕۆژه‌ یاساكه‌‌ دوای گفتوگۆیەکی چڕوپڕی 18 کاتژمێری لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی نێو لێژنەکە دراوه‌ و بریاره‌ بۆ دەنگدان ڕەوانەی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان بكرێت.