پلەکانی گەرما لە سێ پارێزگای باشووری عێراق سبەی دە گەنە 50 پلەی سیلیزی و لە هەرێمی کوردستانیش بە بڕی 2 بۆ 3 پلە ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن.

 

ئەمڕۆ شەممە دەستەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە ئاسمانی وڵات بە گشتی ساماڵ و گەرم دەبێت. پله‌كانی گەرما لە پارێزگاکانی میسان، زیقار و بەسرە دەگەنە 50 پلەی سیلیزی کە بە بەرزترین پلەی تۆمارکراو لە سەرتاسەری عێراقدا هەژمار دە کرێت.

 

لەلایەکی تره‌وە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان نوێترین پێشبینییەکانی خۆی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو خستە ڕوو. كه‌شناسی كوردستان ده‌ڵێت: "ئاسمان ساماڵ دەبێت و خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت کە لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدایە و مەودای بینینیش 10 کیلۆمەترە."

 

بەپێی بڵاو كراوه‌كه‌ی كه‌شناسی، پلەکانی گەرما لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سبەی یەکشەممە جێگیر دەبن یان بە بڕێکی کەم نزم دەبنەوە. پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما لە هەولێر 43، لە سلێمانی 42 و لە دهۆکیش 42 پلەی سیلیزی تۆمار بکرێت و ئاڕاستەی با بە زۆری بەرەو باشووری ڕۆژئاوا دەبێت.

 

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاوی كرده‌وه‌، لە سبەی یەکشەممەوە کاریگەریی بارستە هەوایەکی فێنک لە تورکیاوە دە ست پێدەکات. ئەمە دە بێتە هۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاوازەکان بە بڕی 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

 

ئەم شارەزایەی کەشناسی پێشبینی دەکات، سبەی پلەی گەرما لە هەڵەبجە 41 و لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکووک بگاتە 43 پلەی سیلیزی شەپۆلی نزمبوونەوەکە لە زاخۆ و سۆران زیاتر هەستی پێ دەکرێت و پلەکانی گەرما بۆ خوار 40 پلەی سیلیزی ڕوو لە دابەزین دەکەن.

 

دەستەی کەشناسیی عێراق سەبارەت بە پارێزگاکانی ناوەڕاستی وڵاته‌كه‌ ئاشكرای كردووه‌، پلەی گەرما لە بەغداد 47 و لە کەربەلا و بابل و دیوانییە دە گاتە 48 پلەی سیلیزی. کەشناسیی ڕایگەیاندووە، بۆ ڕۆژی دووشەممە پلەکانی گەرما لە سەرتاسەری وڵاتدا بە بڕێکی کەم ڕوو لە بەرزبوونەوەی دووبارە دەکەنەوە.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، دۆخی کەشوهەوا بۆ ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتوو بە ساماڵی دەمێنێتەوە و تەنیا چەند پەڵە هەورێک لە ئاسمانی باشووردا دەردەکەون. چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلی بارستە هەوا نزمەکە لە هەرێمی کوردستان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر فێنککردنی کەشی ناوچەکە هەبێت و ئاستی گەرما جێگیر بێت.