قەیرانی بێئاوی لە شاری سلێمانی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بەو هۆیەوە بەشێک لە هاووڵاتییان ناچار بوون خانووەکانیان بفرۆشن و گەڕەکەکانیان بگۆڕن.
ئهمڕۆ سهرچاوهیهكی ئاگادار به پایتهخت میدیای ڕاگهیاند، گەڕەکەکانی بەکرەجۆ، ڕاپەڕین، خاک، هەواری شار، زانکۆ، ئیبراهیم ئەحمەد، کازیوە و قڕگە لە ئێستادا بەدەست کەمئاوییەکی زۆرەوە دەناڵێنن. ههروهها گەڕەکەکانی سێتووان، زێڕینۆک، هوانە، کانی با و سەرچیا هەمان کێشەیان هەیە و دانیشتووانەکەیان بێ ئاو ماونەتەوە.
پایتەخت میدیا زانیویەتی کە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە هەفتانە یەک بۆ دوو جار ئاو بە تەنکەر دەکڕن، کە نرخەکەی بەپێی قەبارەی تانکی لەنێوان 25 هەزار بۆ 45 هەزار دیناردایە. کاتێکیش ئاو بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە، تەنیا یەک کاتژمێر و نیو بۆ دوو کاتژمێر دەخایەنێت و بەهۆی کزییەکەیەوە هیچ سوودێکی بۆ خەڵکەکە نییە.
هاووڵاتییانی ئهو گەڕەکانە باس لەوە دەکەن، ئاوەکەی ئەوان بۆ سیتییەکان و پڕۆژە نوێیەکانی نیشتەجێبوون فرۆشراوە، ئەمەش بێزاریی زۆری لای خەڵک دروست کردووە کە ناچارن گەڕەکەکانیان چۆڵ بکەن.
ئهمه لهكاتێكدایه، کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی و چەمچەماڵ بەردەوامیی هەیە و تائێستا پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو نەیانتوانیوە پێداویستیی ڕۆژانەی هاووڵاتییان بۆ ئاوی خاوێن و بهشێوهیهكی بەردەوام دابین بکەن.