سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە نوێترین دەرکەوتنیدا، قسەی بۆ کەناڵی الجەزیرەی عەرەبی کردووە و چەندین پەیامی گرینگی لەبارەی جەنگ، حکومەتی عێراق، ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە هەیە.

پێش نیوەرۆی ئەمڕۆ، کەناڵی ئەلجەزیرەی عەرەبی دیمانەیەکی خۆی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و چەندین بابەتی پەیوەست بە دۆخی عێراق، ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان باسی لێوە کراوە.

لەبارەی بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە جەنگی ئێران و ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ لایەنێک فشاری لێ نەکردوون بۆ ئەوەی بچنە ناو جەنگەوە و گوتی: "هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە و دەسەڵاتی سیاسەتی دەرەوە تەنیا لە دەستی حکومەتی فیدراڵی دایە."

سەرۆکورزیران مەسرور بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا ڕایگەیاندووە، ئێمە ئامانجمانە هەرێمی کوردستان لە هەموو مەترسییەک بپارێزین و کوردستان، پشتگیری لە هەوڵەکانی بەغدا دەکات بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکان.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە کە ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە یان لە ناوخۆی عێراقەوە لەلایەن هەندێک گرووپی چەکدارەوە ئەنجام دراون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد، ماوەی 10 ساڵە هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی هەریر نەماوە.

لەبارەی پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، سەرۆکی حکومەتی هەرەم بە کەناڵی ئەلجەزیرەی گوت: "کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا و سووریا هەیە و ئەم پەیوەندییانە بەردەوام لە گەشەسەندن دایە."

ئەم دەرکەوتنەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیاری ململانێ سەربازییەکاندا تێدەپەڕێت و گرژییەکانی نێوان تاران و ئەمریکا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بارودۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە.