قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێوێنەی بێئاوی بوونەتەوە و ژیانی هاووڵاتییان کەوتووەتە مەترسییەوە.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە زۆربەی گەڕەکەکانی چەمچەماڵدا، ئاوی خواردنەوە تەنیا لە هەر 16 بۆ 21 ڕۆژ جارێک دابەش دەکرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووه، کاتێک ئاو بەردەدرێتەوە، تەنیا بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و بە شێوهیهكی زۆر کز دەبێت، بە شێوەیەک کە هاووڵاتییان ناتوانن هیچ سوودێکی لێ ببینن.
پایتەخت میدیا زانیویەتی، پێداویستیی ڕۆژانەی چەمچەماڵ 60 هەزار مەتر سێجا ئاوە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 9 بۆ 10 هەزار مەتر سێجا ئاوی پێ دەگات. ئەم کورتهێنانە گەورەیە وای کردووە هاووڵاتییان بۆ کڕینی یەک تەنکەر ئاو بڕی 25 بۆ 30 هەزار دینار خەرج بکەن.
بهپێی زانیارییهكان، خێزانەکان ناچارن هەر سێ ڕۆژ جارێک تەنکەرێک ئاو بکڕن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری دارایی بۆ دروست کردوون بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەکە بەرمیل دەخەنە پشتی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانیان و ڕوو لە بیرەکانی دەرەوەی شار دەکەن.
هاووڵاتییان لە ناوچەکانی بانی مەقان و گۆشپووتە بۆ ماوەی 3 بۆ 4 کاتژمێر نۆره دەگرن تاوەکو تەنیا بەرمیلێک ئاو بۆ ماڵەکانیان ببەنەوە. ئەم دۆخە خەڵکی ناوچەکەی زۆر نیگەران کردووە، بەتایبەت کە بەرپرسان هیچ هەنگاوێکی کردەییان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە مەترسیدارە نەناوە.