بەرپرسانی باڵای سلێمانی و چەمچەماڵ لە ئاست قەیرانی توندی کەمئاوی بێدەنگییان هەڵبژاردووە و وەڵامی نیگەرانییەکانی هاووڵاتییان نادەنەوە.

 

دکتۆر هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی بێدەنگیی هەڵبژاردووە و بە دەنگ کێشەی کەمئاویی بەردەوامی شارەکەیەوە نایەت.

 

پەیامنێری پایتەخت میدیا لە کۆنسێرتێکی هونەریدا لە پارێزگاری سلێمانی دەچێتە پێشەوە. پەیامنێرەکە لە پارێزگار دە پرسێت: دکتۆر دەمەوێت لەسەر کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی قسەم بۆ بکەیت. لە وەڵامدا دکتۆر هەڤاڵ ئەبووبەکر دەڵێت: ناوەڵا پێویست ناکات و هیچ قسەیەکم لەوبارەیەوە نییە.

 

ئەم وەڵامەی پارێزگاری سلێمانی شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتیی لە سۆشیاڵ میدیا و لەنێو هاووڵاتییاندا دروست کردووە. هاووڵاتییان نیگەرانن لەوەی لە کاتێکدا شارەکە تینووە، بەرپرسانی باڵا ئامادەنین تەنانەت لێدوانێکی فەرمیش لەسەر کێشەکە بدەن.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، ئاسۆ به‌كر، قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ بەرامبەر قەیرانی ئاوی قەزاکەی بێدەنگ بووە و دەنگی لێوە نایەت. تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن قایمقامی چەمچەماڵەوە بڵاو نەکراوەتەوە و وا دەردەکەوێت ئاگاداری کێشە و گرفته‌كانی خەڵک نەبێت.

 

بێدەنگیی قایمقامی چەمچەماڵ و پارێزگاری سلێمانی وەک پشتگوێخستنی داواکارییە ڕەواکانی خەڵک لە کەرتی خزمەتگوزارییدا دەبینرێت.