دانیشتووانی شاری سلێمانی و قهزای چەمچەماڵ ناڕەزایەتیی تووند دژی بەردەوامیی قەیرانی کەمئاوی دەردهبڕن و بەرپرسانی ناوچەکە بە کەمتەرخەم تۆمەتبار دەکەن.
بهپێی زانیارییهكان، شەپۆلێکی نوێی نیگەرانی و ڕەخنەی هاووڵاتییان سنووری پارێزگای سلێمانی و قهزای چهمچهماڵی گرتووەتەوە. هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە بۆ ماوەیەکی درێژە بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن و بەرپرسانی شارەکە نەیانتوانیوە هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتیی بۆ کێشەکەیان بدۆزنەوە.
له ئێستادا لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری سلێمانی و قەزای چەمچەماڵ، تەنیا کاتژمێرێک لە هەفتەیەکدا ئاو بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە، ئەمەش باری دارایی خێزانەکانی قورس کردووە. ناڕەزایەتییەکان ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی بەرپرسانی ئیدارەی ناوچەکە و فەرمانگەی ئاو کراون، خەڵک دەڵێن: "تەنیا بەڵێنی بێکردار دەبیستن."
هاووڵاتییەک لە چەمچەماڵهوه به پایتهخت میدیای ڕاگەیاند، ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو دەکەن، بەڵام بەرپرسان نەیانتوانیوە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن. نیگەرانییەکان کاتێک زیاتر بوون کە خەڵک بەراوردی دۆخی خزمەتگوزارییەکانی شارەکەیان دەکەن لەگەڵ ناوچەکانی تری هەرێم وهک ههولێر و دهۆک کە کێشەی ئاویان تێدا بنبڕ کراوە.
بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەم ناوچانە ناچارن بڕە پارەیەکی زۆر بۆ کڕینی ئاوی تەنکەر تەرخان بکەن، بەرپرسانی خۆجێیی سلێمانی و چەمچەماڵ ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووند بوونەتەوە و خەڵک داوا دەکەن کە چیتر کێشەکان بۆ ململانێی سیاسی و کەمیی بودجە نەگەڕێننەوە.
دانیشتووانی ئهو دوو ناوچهیه جەخت لهوه دهكهنهوه، کە تینوێتیی خەڵک پێویستی بە بڕیاری ئازایانە و پڕۆژەی خێرا هەیە، نەک لێدوانی میدیایی و خۆدزینهوه له بهرپرسیارییهتی.