بۆڕیی سەرەکیی گواستنەوەی ئاوی دووکان بۆ سلێمانی شکا و بەو هۆیەوە دابەشکردنی ئاو لە زۆربەی گەڕەکەکانی شارەکە ڕاگیرا.

 

ئه‌مڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند، بۆڕیی هێڵی 2ی ئاوی دووکان لە ناوچەی قولەرەیسی بەهۆی کارکردنی ئامێرێکی شۆفڵەوە شکاوە. هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکانیان لە شوێنی ڕووداوەکەن و هەوڵ دە دەن بەزووترین کات بۆڕییەکە چاک بکەنەوە.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، سه‌رجه‌م گەڕەکەکانی دەرەوەی بازنەی مەلیک مەحمود (60 مەتریی) لە شاری سلێمانی بەتەواوی بێئاو دەبن. لە هەندێک لە گەڕەکەکانی شارەکەدا ماوەی 6 بۆ 13 ڕۆژە ئاو دابەش نەکراوە و هاووڵاتییان ناچارن بە پارە ئاوی تەنکەر بکڕن.

 

ئه‌م شكانه‌ وا ده‌كات، جگە لە ناوەندی شار، چەندین شار و شارۆچکەی تری سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی ئەم گرفتەوە بێ ئاو دە بن. پێشتر بڕیار وابوو لەم هەفتەیەدا کێشەی کەمیی ئاو لە سلێمانی چارەسەر بکرێت، بەڵام شکانی بۆڕییەکە دۆخەکە ئاڵۆزتر ده‌كات.