دانیشتووانی سلێمانی و چەمچەماڵ داوا دەکەن پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو هاوشێوەی پڕۆژە سەرکەوتووەکەی هەولێریان بۆ جێبەجێ بکرێت.

ئەمڕۆ به‌شێک له‌ هاووڵاتییانی سنووری سلێمانی و قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ نامه‌یان بۆ پایته‌خت میدیا ناردووه‌ و داوا ده‌كه‌ن چاره‌سه‌رێكی بنه‌ره‌تی بۆ كێشه‌ی كه‌مئاوی له‌ ناوچه‌كانیان بدۆزرێته‌وه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌ڵێن: "پێویسته‌ پڕۆژه‌یه‌كی ئاوی گه‌وره‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی شاری هه‌ولێر، بۆ ئێمه‌ش جێبه‌جێ بكرێت."

به‌پێی زانیارییه‌كان، لە ئێستادا زۆرینەی گەڕەکەکانی سلێمانی و قەزای چەمچەماڵ بەدەست قەیرانی نەبوونی ئاوەوە دەناڵێنن. هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە داوا دەکەن پڕۆژەیەکی نیشتمانی بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلار بۆ تینوێتیی ناوچەکانیان دابین بکرێت.

ئەو پڕۆژەیەی داوای دەکەن، هاوشێوەی پڕۆژەی هەولێرە کە ڕۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت. دانیشتووانی چەمچەماڵ جەخت دەکەنەوە کە تەنیا بە پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە کێشەی بێئاوییان بە ڕێژەی 100% چارەسەر دەبێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ئاو لەو ئاستەدا، دەبێتە هۆی داخستنی زۆرینه‌ی بیره‌كانی ئاو و پاراستنی سامانی ژێرزەوی. پڕۆژەی ئاوی هەولێر کە ئێستا بەتەواوی کەوتووەتە گەڕ، توانیویەتی تا 30 ساڵی داهاتوو کێشەی ئاو لە پایتەختدا بنبڕ بکات.