ململانێ سەربازییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا پێ دەنێنە قۆناغێکی چڕتر لە هێرشی درۆنی و زیانی گیانیی بەردەوام لە بەرەکانی جەنگدا؛ وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە نوێترین پەرەسەندندا گورزێکی کوشندەی لە ژێرخانی سەربازی، گواستنەوە و وزەی ئۆکراینا وەشاندووە.
ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئۆتۆماتیکی و ئاسمانیی وڵاتەکە لە ماوەی 24 کاتژمێردا توانیویانە 20 مووشەک بەرپەرچ بدەنەوە و 1155 درۆن تێکبشکێنن کە لەلایەن ئۆکرایناوە ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە کرابوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژانەی ئەم دامەزراوەیە، لەو ماوەیەدا نزیکەی 1395 سەربازی ئۆکراینی لە ناوچە جیاجیاکانی شەڕدا کوژراون و ژێرخانی وزە، سووتەمەنی، گواستنەوە و بنکە لۆجیستییەکانی سوپای ئۆکراینا بەم شێوەیە کراونەتە ئامانج:
نزیکەی 220 سەرباز لە ناوچەی بەرپرسیارێتیی گرووپی باکووری ڕووسیا لە سومی و خارکیڤ کوژراون.
زیاتر لە 215 سەرباز لە ناوچەی بەرپرسیارێتیی گرووپی ڕۆژئاوا لە خارکیڤ و دۆنێتسک کوژراون.
نزیکەی 220 سەرباز لە ناوچەی بەرپرسیارێتیی گرووپی باشوور لە دۆنێتسک کوژراون.
زیاتر لە 350 سەرباز لە ناوچەی بەرپرسیارێتیی گرووپی ناوەڕاست لە دۆنێتسک کوژراون.
زیاتر لە 345 سەرباز لە ناوچەی ڕۆژهەڵات لە دنیپرۆپێترۆڤسک و زاپۆریژژیادا کوژراون.
نزیکەی 40 سەرباز لە ناوچەی بەرپرسیارێتیی گرووپی دنیپەر لە زاپۆریژژیادا کوژراون.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆکراینا بڵاویان کردەوە کە نزیکەی 16 هەزار خۆبەخشی بیانی لە 72 دەوڵەتی جیاوازەوە هاتوون و لە ناو سوپای ئۆکراینادا خزمەت دەکەن، کە نزیکەی 40٪ی ئەوان لە وڵاتانی ئەمریکای لاتینەوەن و کیێف بە پێشکەشکردنی مووچەی مانگانەی نزیکەی 6700 دۆلار هەوڵی ڕاکێشانی شەڕکەری زیاتر دەدات.
سوپای ئۆکراینا لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتیی ڕووسیا لە ساڵی 2022دا، فەیلەقی نێودەوڵەتیی بۆ ڕاکێشانی خۆبەخشانی بیانی دامەزراند و لە ئێستادا ژمارەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا نزیکەی 880 هەزار سەرباز دەبێت.