پرۆژەی دروستکردنی کەشتییە جەنگییە نوێیەکانی ئەمریکا کە بە ناوی سەرۆکەکەیانەوە ناودێر دەکرێن، بودجەیەکی خەیاڵی و بێپێشینە لە مێژووی سەربازیی ئەو وڵاتەدا بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەمڕۆ نووسینگەی بودجەی کۆنگرێسی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، تێچووی دروستکردنی کەشتیگەلێکی نوێی جەنگی کە پێکهاتووە لە 15 کەشتی و ناوی دۆناڵد ترەمپیان لێ دەنرێت، دەگاتە 275 ملیار دۆلار، تێچووی یەکەم کەشتیی ئەم کەشتیگەلە کە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات، دەگاتە نزیکەی 23.4 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا تێچووی کەشتییەکانی دواتر بە تێکڕا 18 ملیار دۆلار دەبێت بۆ هەر یەکێکیان.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم دامەزراوە پەرلەمانییە سەربەخۆیە، ئەم کەشتییە نوێیانە بە تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووی سەربازی و چەندین جۆری چەک، لەوانە مووشەکی دژەفڕۆکە، مووشەکی دەریایی، چەکی سەروو دەنگی، مووشەکی کرۆزی ئەتۆمی، تیشکی لەیزەر و تۆپی کارۆموگناتیسی پڕچەک دەکرێن.
پێشتر واشنتن لە کانوونی یەکەمی ڕابردوودا دەستپێکردنی ئەم پرۆژە نوێیەی ڕاگەیاندبوو، کە ئامانج لێی قەرەبووکردنەوەی پاشەکشەی هێزی دەریایی ئەمریکایە لەبەرانبەر پەرەسەندنی خێرای کەشتیگەلی جەنگیی چین لە ئاستی جیهاندا.
هێزی دەریایی ئەمریکا لە ڕووی ژمارەی کەشتییەوە بە پلەی سێیەم دێت لە دوای چین و ڕووسیاوە، بەڵام لە ڕووی هێزی دەریایی و توانای شەڕکردنەوە بە پلەی یەکەم دێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خاوەنی 11 کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمی، نزیکەی 70 کەشتیی ژێردەریا و زیاتر لە 70 کەشتیی تێکشکێنەرە (Destroyers).
لە بەرامبەردا بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکا، ژمارەی کەشتییە جەنگییەکانی چین گەیشتووەتە نزیکەی 400 کەشتی، کە بریتین لە 3 کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، زیاتر لە 70 کەشتیی ژێردەریا، زیاتر لە 60 کەشتیی تێکشکێنەر و دەیان کەشتیی مامناوەند و بچووک، بەمەش بە پلەی یەکەم دێت لە ڕووی ژمارەی کەشتییەکانەوە.