بەپێی ڕێنماییەکی نوێی حکومەت، کە نووسراوەکەی ڕەوانەی تەواوی شارەوانییەکان کراوە، لەمەدوا دادوەرانی هەرێمی کوردستان لەبری 200 مەتر، دەبنە خاوەنی 400 مەتر زەوی.

لە نووسراوێکی فەرمیدا کە بە واژۆی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەرچووە، ئاماژە بە نووسراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران / نووسینگەی سەرۆکوەزیران (ژمارە 1180 لە بەرواری 17ی 7ی 2025) کراوە بەپێی نووسراوەکە، پێویستە پرۆسەی سودمەندبوون و وەرگرتنی زەوی بۆ دادوەرانی کوردستان لە 200 مەتر چوارگۆشەوە بکرێتە 400 مەتر چوارگۆشە.

لەو بارەیەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی شارەوانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، نووسراوەکە بە مەبەستی جێبەجێکردن ڕەوانەی سەرجەم شارەوانییەکان کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیکردەوە، دەرکردنی ئەم بڕیارە بۆ دادوەران بەهۆی پلەی تایبەتی دادوەران و تایبەتمەندیی پێگەکەیانەوە بووە لە سیستەمی ئیداریدا.

بەپێی بڕیاری ژمارە 242ی ئەنجوومەنی وەزیران (لە 27ی ئاداری 2024 دەرچووە)، بڕیار دراوە تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی کە پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون و ماوەی خزمەتیان لە 8 ساڵ کەمتر نییە، مافی وەرگرتنی پارچەیەک زەوییان بە ڕووبەری 200 مەتر چوارگۆشە هەیە.