تا دێت گومانەکان لەسەر دۆخی تەندروستی ڕێبەری باڵای ئێران قووڵتر دەبن، لە نوێترین پێشهاتدا، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پزیشکیان بڵاوبوویەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئێران ئینتەرناشناڵ،  مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران بۆ چاوپێکەوتنێکی نهێنی بۆ لای موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران بردراوە، چاوپێکەوتنەکە لە ژێر ڕێکارێکی ئەمنی هێندە تووند ئەنجامدراوە، کە پزیشکیان نەیتوانیووە دڵنیا بێتەوە لەوەی ئەو کەسەی قسەی لەگەڵ دەکات بەڕاستی موجتەبا خامنەییە یان نا.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی ئێران ئینتەرناشناڵ ئاماژەی پێ داوە، پزیشکیان بردراوەتە شوێنێکی نەناسراو لە تاران، لە هێزە ئەمنییەکانی خۆی جیاکراوەتەوە و لە پشتەوەی ئۆتۆمبێلێک داندراوە، کە جامەکانی تەواو ڕەش بوون. لەکاتی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ خامنەیی، ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی بە تاریکی هێڵدراوەتەوە و تەنانەت ڕێگەیان نەداوە تەوقەش لەگەڵ خامنەیی بکات.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، چاوپێکەوتنەکە تەنیا چەند خولەکێکی کەمی خایاندووە، ئەمەش ئەم دەنگۆیانەی بەدرۆ خستەوە کە لە مانگی پێنجی ڕابردوو بڵابوونەوە، گوایە پزیشكیان و خامنەیی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو گفتوگۆیان کردووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە خامنەیی بە چاوپێکەوتنەکە ڕازی بووە، دوای ئەوەی پزیشكیان چەندین جار داوای کردبوو و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردبوو. دوای چاوپێکەوەتنەکەش، پزیشکیان بە کەسە نزیکەکانی خۆی درکاندووە، کە نەیتوانیوە لەو چاوپێکەوتنەدا لە ناسنامەی خامنەیی دڵنیا بێتەوە، چونکە "تەنیا لە تاریکی گوێی لە دەنگ بووە" و ڕووخساری نەبینیوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پزیشکیان ڕایگەیاند، لە ئێستادا "زۆر زەحمەتە" گفتوگۆ لەگەڵ خامنەیی بکەیت، جەختیشی کردەوە کە بوونی خامنەیی هێزێکی زۆرە بۆ ئەوان. جێی باسە لە دوای تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی باوکی لە 28-2-2026، تا ئێستا موجتەبا خامنەیی لە میدیاکان دەرنەکەوتووەتەوە.