وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانیدا، بە فەرمی کارکردنی بە مۆڵەتی شۆفێریی دیجیتاڵی لەڕێگەی سەکۆی (KRDpass) دەستپێکرد و هاوتای کارتی فیزیکی دەکات.

بەپێی ڕێنماییەکی نوێی وەزارەتی ناوخۆ کە بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، شێوازی هەڵگرتن و خستنەڕووی مۆڵەتی شۆفێری دیاری کراوە، لەمەدوا هاووڵاتییان دەتوانن بە یەکێک لە دوو شێوازەکە مۆڵەتەکانیان بخەنەڕوو، یەکەمیان بەشێوەی کارتی فیزیکیی ئاسایی، دووەمیشیان بەشێوازی دیجیتاڵی لەڕێگەی سەکۆی (KRDpass) لەسەر ئامێرە زیرەکەکان.

لە ڕێنماییەکەی وەزارەتی ناوخۆ جەخت کراوەتەوە، مۆڵەتە دیجیتاڵییەکە سەرجەم خەسڵەتە ئەلیکترۆنی و نیشانە تەکنیکییەکانی تێدا جێگیر کراوە، بۆیە لەلایەن تەواوی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە هاوشێوەی کارتە ئاساییەکە و بێ هیچ کێشەیەک کاری پێدەکرێت.