بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات لە کیشوەری ئەفریقا تا دێت خێراتر دەبێت، کە بەهۆیەوە هەزارەها گیانلەدەستدانی لێکەوتووەتەوە و ئەمریکاش هاوکاری بەپەلە دەنێرێتە وڵاتەکە.

ئەمڕۆ تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات خێراتر لە هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە بڵاودەبێتەوە.

ناوبراو جەختیشیب کردەوە، کە پێویستە ڕێوشوێنەکان چڕتر بکرێنەوە و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی بکرێت، تەنها لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی تووشبووانی نوێ لە هەندێک ناوچەی گەرمدا دوو هێندە زیادی کردووە.

    
بەگوێرەی دوایین داتاکانی وەزارەتی تەندروستی کۆنگۆ، تا ئێستا تووشبوون بە ڤایرۆسەکە 3 هەزار و 874 کەسی تێپەڕاندووە، کە لەنێویاندا هەزار و 751 کەس گیانیان لەدەستداوە، لە ئێستاشدا هیچ ڤاکسینێک یان چارەسەرێکی پەسەندکراو لەبەردەستدا نییە، ئەمەش وایکردووە خێراترین بڵاوبوونەوە بێت لە مێژووی ڤایرۆسەکەدا.

لەلای خۆیەوە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە بڕی 242 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیبۆلا لە ئەفریقا تەرخان بکات، ئەم پارەیەش پاڵپشتی هەوڵەکانی ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەدات.

 ئیبۆلا، ڤایرۆسێکی کوشندەیە کە بەزۆرینەی لە کیشوەری ئەفریقا سەرهەڵدەدات، شارەزایان وا پێشبینی دەکەن کە مرۆڤ سەرەتا لە ڕێگای پەیوەندی بە ئاژەڵێکی تووشبووەوە تووش دەبن، پاشان ڤایرۆسەکە لە مرۆڤە تووشبووەکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە.