ورد وردە دەنگۆی دابەشبوونی دەسەڵات لە ئێران زیاتر دەبێت و جێگری سەرۆکی ئەمریکا، زانیاری نوێی لەسەر ئەم پرسە وروژاند.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران سیستەمێکی "دابەشبووی" هەیە، هەندێک لایەن دەیانەوێت جەنگەکە کۆتایی پێ بێت و هەندێک لایەنی دیکەش دەیانەێت جەنگەکە بەردەوام بێت.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا جەختی کردەوە، ئەرکی ئەمریکا لەم دۆخەدا ڕێنوێنیکردنە لە نێو ئەو دابەشبوونەی دەسەڵاتی ئێران، بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی، فشاری ئابووری و دیپلۆماسی بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی کە ئەمریکا دەیەوێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوای تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی باڵای ئێران لە 28-2-2026، دەنگۆی دابەشبوونی دەسەڵات لە ئێران بڵاوبوویەوە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دەسەڵاتی سەرەکی بڕیاردان لە پرسە گرینگەکان کەوتوونەتە ژیر دەستی ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر، محەممەد باقر خەرازی، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای ئێرانی و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی بنەماڵەی عەلی خامنەیی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای کرد، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ئامادەیە داوای دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران قبووڵ بکات، ئەگەر جارێکی دیکە داوای بکاتەوە.
بەگوتەی خەرازی، موجتەبا خامنەیی لە داواکارییەکانی پزیشکیان بێزار بووە، تا ئێستا پزیشكیان 28 جار داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە، ئەمەش بەهۆی نەمانی دەسەڵاتی کابینەی حکومەتەکەی.