ئەنجوومەنی وەزیران هەژمارکردنی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی ساڵێک بە دوو ساڵ پەسەند دەکات و مەرجی گەڕاندنەوەی ڕسووماتی خانەنشینی دیاری دەکات.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیازی لیژنەیەکی تایبەت، ڕەزامەندیی لەسەر پەسەندکردنی کۆنووسی هەژمارکردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی "ساڵێک بە دوو ساڵ" (دوو چەندانە) دەربڕی، بڕیارەکە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕاژە و پاراستنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەران و کارمەندانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان دراوە.

 

بەپێی ناوەرۆکی نووسراوەکە کە ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم کراوە، هەژمارکردنی ئەم خزمەتە لە ڕێکەوتی 4ی تەممووزی 1992 (ڕاگەیاندنی یەکەم کابینەی حکومەت) تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2024 ئەنجام دەدرێت.

 

وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە دەکاتەوە، جێبەجێکردنی پرۆسەکە زۆرەملێ نییە و ئارەزوومەندانەیە، بە مەرجێک کارمەند یان ئەفسەرەکە %10ی مووچەی بنەڕەتیی 10 ساڵ بداتەوە، بەجۆرێک بۆ هەر پێشمەرگەیەک دەگاتە نزیکەی 3 ملیۆن و 936 هەزار دینار و بۆ ئەفسەرانیش دەگاتە 6 ملیۆن و 336 هەزار دینار.

 

سەبارەت بە گواستنەوەی ڕاژە، وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، ئەوانەی ڕاژەکەیان بۆ سێکتەری شارستانی گوێزراوەتەوە ئەم هەژمارکردنە نەیانگرێتەوە، بەڵام بۆ ئەوانەی میلاکیان لە نێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا (پێشمەرگە، ناوخۆ، ئاسایش) دەگوێزرێتەوە، مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەیان بە ساڵێک بە دوو ساڵ بۆ دەپارێزرێت.