دوای نزیکەی ساڵێک لە دەستگیرکردنی لاهور تاڵەبانی، ڕێککەوتنی سیاسی ڕەت دەکاتەوە و دووپاتی دەکاتەوە، هیچ سازشێک ناکات، سەرەوەری یاسای دەوێت تەنانەت ئەگەر حکومی لە سێدارەدانیشینی بۆ دەربچێت.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی تایبەت بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دادوەری دادگاکانی سلێمانی لە دۆسیەی لاهور تاڵەبانی، خۆیان بەدوور گرتووە و ئامادەی هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی دادوەری نابن، بەمەش کاروباری هاووڵاتییانیان وەستاندووە.
بەپێی گوتەی سەرچاوەکەی پایتەخت، دادوەرەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە دەبێت دادگا لە بڕیاری ناردنی دۆسیەی لاهور تاڵەبانی بۆ دادگای تەمیز پاشگەز بێتەوە و ئامادە نەبێت دۆسییەکان بۆ دادگای تەمیز بنێرێت.
لە لایەکی دیکەوە، دانا تەقیەدین گوتەبێژی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە ڕووی یاساییەوە تەواوی ڕێکارەکان بۆ دۆسیەی لاهور تاڵەبانی و گیراوانی لالەزار ئەنجام داوە و ئەو کەیسە، کەیسێکی گەورەیە و لاهور تاڵەبانی و گیراوانی لالەزار وەکو بارمتە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
گوتەبێژی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی جەختی کردەوە، هیچ جۆرە تەنازولێک لە داواکارییەکانیان ناکەن و نوێنەرانی وڵاتانیش لە بابەتەکان ئاگادار دەکەن و ئەوان، وەک پارێزەران شەڕی سەروەریی یاسا دەکەن.
لە کۆتایی دا دانا تەقیەدین، پەیامی لاهور تاڵەبانی بۆ پایتەخت ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لاهور تاڵەبانی دەیاوێت ياسا سەروەر بێت تەنانەت ئەگەر حوکمی لە سێدارەدانیشی بۆ دەربچێت، نەک لە ڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسییەوە ئازاد بکرێن.
دوای 17 ڕۆژی دیکە، ماوەی زیندانی کردنی لاهور تاڵەبانی و پۆلادی برای و گیروانی لالەزار دەبێتە ساڵێک، کەچی تاوەکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.