دکتۆر عوسمان هه‌ڵه‌بجه‌یی، بۆ ماوەیەک لە پێشکەشکردنی وتاری هەینی لە مزگەوتی بەختیاری لە شاری هەولێر دەوەستێت و له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ش ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بۆ ڕای گشتی بڵاو كرده‌وه‌.

 

ئه‌مڕۆ دکتۆر عوسمان محەممەد غەریب، ناسراو به‌ 'دكتۆر عوسمان هه‌ڵه‌بجه‌یی' زانای ئایینی ناوداری هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ ڕای گشتی ڕایگه‌یاند، بەهۆی چەند هۆکارێکی تایبەتەوە بۆ ماوەیەک لە گوتارخوێندنەوە دوور دەکەوێتەوە.

 

ئەو ئاماژەی بەوە کردووه‌ خزمەتکردن تەنیا لەسەر مینبەرەوە ناکرێت و چرای زانست و خزمەت لە هەر شوێنێک بێت دەدرەوشێتەوە. ئارامی و ئاسایشی کوردستان لە سەرووی هەموو مەبەست و ئارەزوویەکەوەیە. ئەو نایەوێت ئەم هەنگاوەی ببێتە هەوێنی هیچ دڵگرانی یان ململانێیەک کە کەیفی ناحەزان خۆش بکات.

 

دکتۆر عوسمان هیوا دەخوازێت لە داهاتوودا بە بەرنامە و گوتاری تازەتر و قوڵترەوە بگەڕێتەوە بۆ خزمەتی هۆگرانی. هه‌روه‌ها ڕێز و وەفای خۆی بۆ برا و خوشکانی مزگەوتی بەختیاری دەربڕی و هیوای خواست ڕۆحی برایەتیی نێوانیان هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.

 

لە کۆتاییی پەیامەکەیدا نزا دەکات کە خودا مزگەوتی بەختیاری لە هەر ناخۆشی و تەنگانەیەک بپارێزێت و بە نوور و ئیمان ئاوەدانی بکاتەوە.

 

شایانی باسه‌، ئه‌مڕۆ دكتۆر عوسمان هه‌ڵه‌بجه‌یی، لەبارەی وازهێنانی لە وتاربێژی مزگەوت به‌ پایته‌خت میدیای ڕاگه‌یاند، من لەسەر داوای خۆم وازم هێناوە و دوورنەخراومەتەوە"، هه‌روه‌ها سەرچاوەیەکی باڵاش لە ئەوقافی هەرێم بە پایتەخت میدیای گوت: "ئێمە دكتۆر عوسمان هەڵەبجەییمان دوورنەخستووەتەوە و بە بڕیاری وازهێنانی شۆکبووینە."