د. عوسمان هەڵەبجەیی، زانای ئایینی ناوداری هەرێمی کوردستان بڕیاری وازهێنانی لە وتاربێژی مزگەوت دا و پایتەخت میدیا، هۆکاری وازهێنانی ئاشکرا دەکات.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پایتەخت میدیا، د. عوسمان هەڵەبجەیی لەسەر داوای خۆی، دوای نزیکەی 18 ساڵ وازی لە وتاربێژی مزگەوتی بەختیاری هێنا و دەیەوێت پشوو وەرگرێت.
لەبارەی وازهێنانی لە وتاربێژی مزگەوت، د. عوسمان هەڵەبجەیی بە پایتەخت میدیای گوت: "من لەسەر داوای خۆم وازم هێناوە و دوورنەخراومەتەوە"، لەبارەی دەرکەوتن و قسەکردن بۆ میدیاکان، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە نایەوێت لە میدیاکانەوە دەرکەوێت و باسی وازهێنانی بکات.
پایتەخت میدیا، زیاتر بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد و سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەوقافی هەرێم بە پایتەخت میدیای گوت: "ئێمە د. عوسمان هەڵەبجەییمان دوورنەخستووەتەوە و بە بڕیاری وازهێنانی شۆکبووینە."
پایتەخت زانیویەتی، پێشتر نیگەرانییەک لە لایەن د. عوسمان هەڵەبجەییەوە هەبووە، بەڵام ناوبراو نەیویست هیچ شتەک ئاشکرا بکات و ئاماژەی بەوەکرد، کە لەسەر خواستی خۆی واز دەهێنێت.
بڕیاری وازهێنانی د. عوسمان هەڵەبجەیی لە وتاربێژی مزگەوت، کاردانەوەی زۆری لە سۆشیال میدیا دروستکردووە و دەنگۆی دوورخرانەوەی هەبوو، بەڵام پایتەخت کۆتایی بە دەنگۆکان دەهێنێت و ڕاستی و دروستی هۆکاری وازهێنانی ئاشکرا دەکات.
د. عوسمان هەڵەبجەیی، مامۆستایە لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆ سەڵاحەددین، فەرمانبەری وەزارەتی خوێندنی باڵایە و وتاربێژی خۆبەخشبووە لە ئەوقافی هەرێم، ماوەی دەیان ساڵە وتاری هەینی لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و بانگخوازێکی ناوداری هەرێمی کوردستانە.