ئێران، ئەمریکا و عومان لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز ڕێککدەکەون و ترەمپیش هەڕەشەی تووند لە ئەگەری شکستهێنانی ڕێککەوتنەکە دەکات.

ئەمڕۆ پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، چەندین هەفتەیە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، کە بەمزوانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش لەبارەی چەکی ئەتۆمی، دەستپێکردنەوەی ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورزمە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس، ڕێککەوتنەکە هەندێک لە داواکارییەکانی ئێران لەبارەی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز جێبەجێ دەکات، کە پێش جەنگەکە ئەم دەسەڵاتەی نەبوو.

دوو سەرچاوەی ناوچەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، ڕێککەوتنەکە پلانێکی کاتی 60 ڕۆژە لە نێوان عومان و ئێران لەسەر گەرووی هورمز جێبەجێ دەکات، کە دواتر دەتوانرێت ماوەکەی درێژتر بکرێتەوە، تێیدا سەرجەم ھاتووچۆی کەشتییەکان کە بەرەو نێو گەرووی هورمز دێن و پاشان بۆ ناو کەنداو دەڕۆن، بە هێڵی باکووردا لە ڕێگەی ئاوەکانی ئێرانەوە تێدەپەڕن، هاوکات سەرجەم ھاتووچۆی دەرچوو لە گەرووەکەوە بۆ دەریای عەرەب، بە هێڵی باشووردا لە ڕێگەی ئاوەکانی عومانەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران دەبێت.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ئەکسیۆس کردووە، هیچ باج و سەرانەیەک لە ماوەی ئەم ڕێککەوتە 60 ڕۆژییەدا لە کەشتییە بازرگانییەکان وەرناگیرێت، لەماوەی 30 ڕۆژیشدا، هەردوولا (ئێران و ئەمریکا) کار بۆ پاککرنەوەی گەرووەکە لە مین لە ڕێڕەوەکانی ناوەند دەکەن، دوای ئەوەی ڕێڕەوەکانی ناوەند لە مین پاککرانەوە، بۆ هاتووچۆی هەردوو چوونە ژوورەوە و هاتنەوەی دەرەوەی کەشتییەکان لەژێر ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی نێوان عومان و ئیران بەکاردەهێندرێت.

لەلای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریشی دا کە ئەگەر لەم گەڕەی گفتوگۆکاندا نەگەنە رێککەوتنی کۆتایی، ئەوا بارودۆخەکە بۆ ئێران "زۆر خراپ" دەبێت، جەختیشی کردەوە: "ئێران دەزانێت ئەگەر لەم قۆناغەدا پاشەکشە بکات، گورزێکی یەکجار بەهێزی بەردەکەوێت؛ ئەوان خۆشیان بە باشی درک بەو ڕاستییە دەکەن."