بەهۆی گۆڕانی ناوەندی بڕیاردان و دەسەڵات لە ئێران، سەرۆکی وڵاتەکە نزیکەی 30 جار داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە و ڕەخنەی لە سوپای پاسدارانیش گرتووە.
محەممەد باقر خەرازی، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای ئێرانی و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی بنەماڵەی عەلی خامنەیی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای کردووە، کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ئامادەیە داوای دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران قبووڵ بکات، ئەگەر جارێکی دیکە داوای بکاتەوە.
خەرازی دەشڵێت: موجتەبا خامنەیی لە داواکارییەکانی پزیشکیان بێزار بووە، تا ئێستا پزیشكیان 28 جار داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە."
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی کەناڵ 14ـی ئیسرائیلی، پزیشكیان بە خامنەیی ڕاگەیاندووە، دەسەڵاتی بڕیاردان لە ئاسایشی نیشتیمانی و یاساکانی دەرەوەی وڵات لە دەستی کابینەی حکومەتەکەی ئەو نەماوە. هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەش، خامنەیی بڕیاری کۆتایی ستراتیژی و گرینگی داوەتە دەست ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران.
پێشووتر لە دوای تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران لە 28-2-2026، پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی وڵاتەکەوە دەریخستبوو، کە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان پزیشکیان و ئەحمەد وەحیدی لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی جەنگەکە، ژیانی خەڵک و ئابووری وڵات هەیە.
پزیشكیان ڕەخنەی لە هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو گرتبوو و هۆشداری لە ڕووخانی ئابووری وڵاتەکە داوبوو، گوتبووی: "ئەگەر ئاگربەست نەکرێت، لە سێ هەفتە یان مانگێکی دیکە، ئابووری وڵات دەڕووخێت."
سەرۆکی ئێران داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی بۆ حکومەت کردبوو. لەسەر ئەم داواکارییەی پزیشکیان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران ناڕەزایی دەربڕی بوو و لۆمەی ئەوەی کردبوو، کە حکومەت بەر لە دەستپێکردنی جەنگەکە لە هەوڵەکانی بۆ "ریفۆرمی پێکهاتەیی" نێو دەسەڵات شکستی هێنا بوو.