ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە تەواوبوونی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە لە عێراق، پایتەخت میدیا وادەی ناردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی عێراق ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، پاش تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا، هەبوونی پشوو لە عێراقدا وادەکات دابەشکردنی مووچەی ئەم هەفتەیەی عێراق تەواو نەبێت و بکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بەوەش ئەگەری هەیە تاوەکو 15ـی 8ـی 2026 ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا بکەوێت و ئەوکات بڕیاری لەسەر بدرێت.
سەبارەت بە ڕێکارەکانی هەرێم، شێروان دووبەردانی جەختی کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ڕێکارەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، هەروەها نەناردنی داهاتی نانەوتیش نابێتە ڕێگر و وەکو مانگەکانی ڕابردوو حکومەتی عێراق لێبڕین لە بڕی مووچەکە دەکات.
لە کۆتاییدا ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە، تاوەکو ئێستا وادەیەکی دیاریکراو بۆ ناردنی مووچە نییە، بەڵکو پرۆسەکە بەستراوەتەوە بە هەبوونی سیولەی دارایی لە وەزارەتی دارایی عێراقدا.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە 22ـی 8ـی 2026، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لیستی مووچەی مانگی 7 و ڕاپۆرتی دارایی مانگی 6ـی ڕادەستی بەغدا کرد.