بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی پرۆسەی دابەشکردنی سووتەمەنی، قائیمقامیەتی ڕانیە بڕیاری دانانی سیستەمی تاک و جووتی بەپێی کۆتا ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بۆ وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری دەرکرد.
ئەمڕۆ قائیمقامیەتی قەزای ڕانیە لە ئاگادارییەکدا شۆفێران و هاووڵاتییانی ئاگادار دەکاتەوە، پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی حکومی 750 دیناری کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی ڕاپەڕینەوە دابین کراوە، ڕێک دەخرێتەوە.
بەپێی ئاگادارییەکەی قائیمقامیەتی قەزای ڕانیە، دابەشکردنی بەنزین بەپێی پسوولە دەبێت کە ڕۆژانە لەلایەن لیژنەی سووتەمەنیی قائیمقامیەتی قەزای ڕانیەوە بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکرێت، پرۆسەکە بە سیستەمی (تاک و جووت) بەپێی کۆتا ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بەڕێوە دەچێت و بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک تەنها بڕی 40 لیتر بەنزین دیاری کراوە.
قائیمقامیەتی قەزای ڕانیە ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژانی (شەممە، دووشەممە، چوارشەممە) بۆ ژمارە جووتەکان تەرخان کراوە و ڕۆژانی (یەکشەممە، سێشەممە، پێنجشەممە) بۆ ژمارە تاکەکان دەبێت، هەروەها ڕۆژانی هەینی دابەشکردنی بەنزین بەڕێوە ناچێت.
لە کۆتایی دا قائیمقامیەتی قەزای ڕانیە جەختی لەوە کردەوە، پسوولە تەنها دەدرێتە دوو ڕیزی یەکەمی بەردەم دەرگای بەنزینخانەکە تاوەکو کۆتاییهاتنی تەواوی بڕی بەنزینەکە، هەروەها ڕێگە نادرێت هیچ ئۆتۆمبێلێک دوو پسوولەی بۆ وەربگیرێت.