دەستەی دەستپاکی عێراق تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی لە شارەوانی دیوانیە هەڵوەشاندەوە و فەرمانی گرتن و پشکنینی بۆ زیاتر لە 25 بەرپرسی پێشوو و ئێستای فەرمانگەکە دەرکرد.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی ئەنجامدانی گەندەڵییەوە فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ 30 بەرپرسی پێشوو و ئێستای شارەوانی دیوانیە دەرکردووە، لە ناویاندا: 5 بەڕێوەبەر و 6 بەرپرس لە بەشی ژمێریاری و وردبینی، جگە لە بەڕێوەبەری ژمێریاری ئێستای پارێزگاکە.
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕوونیشی کردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ شانەی هەواڵگریی هەڵۆکان، تۆڕێکی گەورەیان دەستگیر کردووە کە پێکهاتووە لە 15 فەرمانبەر و 3 بەڵێندەر لەگەڵ چەند بەڕێوەبەرێکی پێشوو و ئێستای شارەوانییەکە.
لەم ئۆپراسیۆنەدا دەست بەسەر بەڵگەنامەی خەرجکردنی زیاتر لە 9 ملیار دینار، ئۆتۆمبێلی گرانبەها، مۆر و بڕێکی زۆر پارەی کاشدا گیراوە. هەروەها دادوەر بڕیاری ڕاگرتنی تۆمەتباران و قەدەغەکردنی گەشتی بۆ چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە دەرکردووە کە پەیوەندییان بە دۆسیەکەوە هەبووە.
پارێزگای دیوانیە لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەست کەمبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی کارگێڕییەوە دەیناڵاند، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی بەردەوامی هاووڵاتییان. ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیە وەک یەکێک لە گەورەترین هەڵمەتەکان بۆ پاککردنەوەی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لەو پارێزگایە دادەنرێت.