عێراق کۆتایی بە ڕۆتینی مۆڵەتی شۆفێری دەهێنێت
گۆڕانکاریی گەورە لە ڕێکارەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ڕوویداوه؛ لێرهوه زانیاریی نوێ لەسەر پلاتفۆرمە زیرەکەکەی هاتووچۆی عێراق بخوێنهرهوه.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی نوێ کارا دەکات کە ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات مۆڵەتی شۆفێری و مامەڵەکانی گواستنەوەی ساڵیانە لە ڕێگەی مۆبایل و بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ فەریق عودەی سەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی نوێ و پێشکەوتوو کارا دەکرێت کە ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات مۆڵەتی شۆفێری و مامەڵەکانی گواستنەوەی ساڵیانە و خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی مۆبایلەوە ئەنجام بدەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئەم سیستەمە كه پشت به تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد دهبهستێت، ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن و نوێی بکەنەوە، مامەڵەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل ئەنجام بدەن، هەروەها داواکاریی مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانە لە ڕێگەی مۆبایلەوە پێشکەش بکەن، بەبێ ئەوەی پێویست بە سەردانکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکە یان مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرمانبەران بکەن.
دهشڵێت: سیستەمی پێشووی کە پێویستی بە سەردانیکردنی 12 پەنجەرەی جیاواز هەبوو، گۆڕدراوە بۆ تاکە پەنجەرە و هاووڵاتی تەنیا بۆ وەرگرتنی کارتی مۆڵەت یان ساڵیانە سەردانی فەرمانگەکان دەکات.
ئەم پڕۆژەیە لەژێر چاودێریی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جێبەجێ دەکرێت و خزمەتگوزاریی حیجزی ئەلیکترۆنیش لەخۆدەگرێت.
پڕۆژەی دیجیتاڵکردنی مامەڵەکانی هاتووچۆ بەشێکە لە پلانی فراوانی حکومەتی عێراق بۆ بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان و نەهێشتنی واستەکاری و دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری فەرمیدا.