ئەمریکا و ئێران بە قۆناغی ئاشتی دا تێدەپەڕن
بەهۆی هێوربوونەوەی بارودۆخی نێوان ئەمریکا و ئێران، نرخی نەوت دابەزی.
ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر یەکتر ڕاگرت، ئەمەش دەرفەتێکی ئارامی بەخشییە کەشتیوانی لە کەنداو و کەرتی نەوتی جیهانی.
ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، تاران هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی دژی هاوپەیمانانی واشنتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگرتووە، هاوکات مایک واڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، هەرچەندە هێزەکانیان لە دۆخی ئامادەباشیدان، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەرفەتێک بۆ دانوستان دەهێڵێتەوە.
بەهۆی ئەم ئارامییە کاتییەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆوە بینی، بە شێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ خوار 90 دۆلار دابەزی و نەوتی تەکساسیش گەیشتە 85.45 دۆلار، هاوکات میدیاکانی ئێران بەبێ پشتڕاستکردنەوە بڵاویان کردەوە کە مینی دەریایی زیانی بە کەشتییەکی نەوتهەڵگر گەیاندووە.
ململانێی چەکداری لەسەر گەرووی هورمز پێشتر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تێکدابوو، کە تێیدا ئەمریکا بۆ ماوەی 13 شەوی یەک لەدوای یەک هێرشی چەکداری دەکردە سەر ئێران، ئەم گرژییە پاش 5 مانگ لە شەڕی بەردەوام، بە تووندترین ڕووبەڕووبوونەوە لە دوای ئاگربەستی مانگی نیسان دادەنرا.