لەمەودوا بە کارتی کۆبۆن بەنزین دابەش دەکرێت
دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە شاری هەولێر بە کارتی کۆبۆن دەست پێدەکات.
پرۆسەی دابەشکردنی بەنزین گۆڕانکاریی بەسەردا هات و بوو بە کارتی کۆبۆن، لەمەودوا شۆفێران لە هەولێر تەنیا لە ڕێگەی کارتی تایبەت بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دەتوانن بەشە بەنزینی وەربگرن.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە، سبەی وەک قۆناغی تاقیکاری پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە ڕێگەی کارتی کۆبۆنەوە لە بەنزینخانەی (شەم) دەست پێدەکات.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات، لە کاتی سەردانیکردنی بەنزینخانەی ناوبراو، کارتی سووتەمەنی لەگەڵ خۆیان بهێنن، تاوەکو بتوانن بەشە بەنزینەکەیان وەربگرن.
بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، لەم قۆناغەی تاقیکردنەوەیەدا، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 40 لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت.
لە کۆتایی دا بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردەوە، بەشداریی هاووڵاتییان لەم پرۆسەی تاقیکردنەوەیەدا، هاوکار و یارمەتیدەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ باشترکردن و ڕێکخستنی ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە پێش ئەوەی بە تەواوی لە بەنزینخانەکانی تردا پەیڕەو بکرێت.