نەتەنیاهو داواکەرییەکانی ترەمپ ڕەت دەکاتەوە
نەتەنیاهو بەرەو واشنتن بەڕێکەوتووە؛ بزانە لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ چی ڕوودەدات
نەتەنیاهو بۆ دۆسیەی ئێران دەچێتە واشنتن و وا بڕیارە داواکەرییەکانی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سێ ناوچە ڕەت بکاتەوە.
بە گوێرەی کەناڵی 13ـی عیبری، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەر لەوەی بەرەو واشنتن بەڕێ بکەوێت بە کابینەی حکومەتەکەی گوتووە، داواکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە غەززە، سووریا و لوبنان ڕەت دەکاتەوە.
کەناڵە ئیسرائیلییەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کردووە، کە نەتەنیاهو لە واشنتن لەسەر ئەم پرسە جدییە و دژی داواکارییەکان دەوەستێتەوە.
دوێنێ کابینەی حکومەتەکەی نەتەنیاهو ڕێگەی بە هاتنە ژوورەوە 'ئەنجوومەنی ئاشتی' بۆ نێو کەرتی غەززە دا، کە لەلایەن پێشنیارێکی ترەمپەوە پێکهێندرا بوو، هاوکات ئیسرائیل پەسندی پڕۆژەیەک بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و پەناگە لە کەرتەکە کردووە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کەوتوونەتە دەرەوەی کۆنترۆڵی بزووتنەوەی حەماس.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت، نەتەنایاهو هەوڵ دەدات لە ڕێگەی سەردانەکەی بۆ واشنتن ئەو متمانەیە بگەڕێنێتەوە، کە بەهۆی جەنگەکەی 28ـی شوبات لەگەڵ ئێران درزی تێکەوتووە. تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبن بە تاوتوێکردنی دۆسیەی ئێران و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە.