ئاشتییەکی کاتی ناوچهكهی داپۆشیوه
وردەکاریی ڕێککەوتنە کاتییەکەی نێوان تاران و واشنتن و هێوربوونهوهی گرژییهكان و دۆخی ناوچهكه.
دۆخی ناوچەکە بەرەو هێوربوونەوەیەکی کاتی هەنگاو دەنێت، لە کاتێکدا ئێران و ئەمریکا ئاماژەی ئەرێنی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان دەردەبڕن و ئیسرائیلیش ئامادەییی خۆی بۆ قبووڵکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی لە غەزە نیشان دەدات.
ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، تاران ئامادەیە هێرشەکانی ڕابگرێت بە مەرجێک واشنتن پابەند بێت بە ڕاگرتنی غارەتە ئاسمانییەکانی، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا بە شێوەیەکی کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران ڕابگرێت.
لە لایەکی ترەوە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، کابینەی تەناهیی وڵاتەکەی ڕەزامەندیی داوە لەسەر چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ڕێگەدان بە چوونە ناوەوەی هێزێکی تەناهیی نێودەوڵەتی بۆ ناو کەرتی غەزە، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانی ترەمپ بۆ ڕاگرتنی شەڕ. ئەم بڕیارە تەنیا ڕۆژێک پێش گەشتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ واشنتن دێت کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ ترەمپ کۆ ببێتەوە.
هاوکات، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دهڵێت: "هێرشی ئۆکرانیا بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێران لە دەریای قەزوین کە بووەتە هۆی کوژرانی دەریاوانێک، بێ وەڵام نامێنێتەوە." لە بەرامبەردا، مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووه، ترەمپ دەرفەتێکی سنوورداری بۆ دیپلۆماسی و دانوستان ڕەخساندووە، بۆیە هێرشە ئاسمانییەکانی دوای 13 شەو ڕاگرتووە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا گەورەترین پێکدادانی سەربازیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەخۆیەوە بینیبوو و ئێستاش هەموو چاوەکان لەسەر دیداری ناتانیاهۆ و ترەمپن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی شەڕ لە غەزە و ناوچەکە.