Banner
پایتەخت

بە ئەنقەست دەیانگووت بەنزینی نۆرماڵ نەماوە

بە ئەنقەست دەیانگووت بەنزینی نۆرماڵ نەماوە
کورتە

ئەو بەنزینخانانەی بانگەشەی نەبوونی بەنزینی نۆرماڵیان دەکرد، دەرکەوت فێڵیان لە خەڵک کردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕێکاری تووندی بەرامبەر ئەو بەنزینخانانە گرتە بەر کە فێڵیان لە هاووڵاتییان کردووە، تا ئێستا 28 بەنزینخانەی سزاداوە و داخستووە.

 

ئەمڕۆ سالار محەممەد، لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دوای ئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوتووە 20 بەنزینخانە بەنزینی نۆرماڵیان بە نرخ و کوالێتیی موحەسەن و سوپەر بە خەڵک فرۆشتووە.

 

سالار محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکی زۆری ئەو بەنزینخانانە بە فێڵ بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە بەنزینی نۆرماڵیان نەماوە، تاوەکو هەمان بەنزین بە نرخی گرانتر بفرۆشنەوە.

 

لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون ڕوونیکردەوە، تەنیا ئەمڕۆ 20 بەنزینخانە داخران و بە کۆی گشتی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا 28 بەنزینخانە داخراون، سەرپێچیکاران سزای دارایی دەدرێن کە لە 500 هەزارەوە تا 5 ملیۆن دینار دەست پێ دەکات.

 

ئەم ڕێکارانە لە کاتێکدایە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بڕیار لەسەر ڕێکخستنی نرخەکان دراوە، بە جۆرێک نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار، موحەسەن بە 1000 دینار و سوپەر بە 1200 دینار دیاری کراوە.

26 تەمموز 2026 19:16
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026