نوێترین قسهی شهرع دەربارەی مافەکانی کورد
شەرع: گفتوگۆ لەسەر خوێندن بە زمانی کوردی و نوێنەرایەتی سیاسی بەردەوامە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا جەخت لەسەر گرنگیی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتەکەی و لایەنە کوردییەکان دەکاتەوە و سووربوونی خۆیان لەسەر سەرخستنی دیالۆگ و گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی ڕادهگهیهنێت.
ئەمڕۆ کەناڵی جەزیرە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ ئەحمەد شەرع بڵاو کردەوە، تێیدا ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ کورد واژۆ کراوە سستیی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام حکومەتەکەی هێشتا گرەو لەسەر سەرکەوتنی ئەو ڕێڕەوە دەکات.
شەرع گوتی: "دیمەشق دەیەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکات و پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیدارەی خۆسەر لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەردەوامە، ههروهها هێشتا گفتوگۆ لەسەر بابەتە هەستیارەکانی وەک پەروەردە بە زمانی کوردی، یەکینەکانی پاراستنی ژنان و نوێنەرایەتیی سیاسیی کورد لە دەستووردا درێژهی ههیه."
سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، سەرۆکی کاتیی سووریا ئاشکرای کردووه، پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و بەغدا گەشەکردنێکی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن.
لە لایەکی ترەوە دەربارەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سووریا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی نێوەندگیریی چەند وڵاتێکەوە بگاتە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی گشتگیر کە دەروازە بێت بۆ ئاشتی، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە هەرگیز بە واتای دەستبەرداربوون لە مافی سووریا لە بەرزاییەکانی جۆلان نایەت.
شەرع ئاماژەی بەوەش کردووه، دەیانەوێت وڵاتەکەیان لە پێکدادانی سەربازی دوور بخەنەوە و هیچ نیازی دەستوەردانی سەربازییان لە لوبناندا نییە، بەڵکوو پشتگیری لەوە دەکەن کە تەنیا دەوڵەتی لوبنان خاوەنی بڕیاری شەڕ و ئاشتی و چەک بێت.
لە ڕووی ئابووری و دیپلۆماسییەوە، ئەحمەد شەرع ئهوهی خسته ڕوو، لابردنی سزاکان بە تەنیا بەس نییە، بەڵکوو پێویستە ناوی سووریا لە لیستی دەوڵەتانی پشتگیری تیرۆر بسڕدرێتەوە تاوەکوو بتوانن وەبەرهێنان ڕابکێشن.
ئەمە لە دوای ئهوهوه دێت، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شەرع ڕایگەیاندبوو کە بڕیاری داوە ناوی سووریا لەو لیستە بسڕێتەوە و ئێستا کۆنگرێس 45 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێداچوونەوە و بڕیاردانی کۆتایی.
دەربارەی دۆسیەی بێسەروشوێنەکان، شەرع تیشكی خسته سهر ئهوهی لێژنەیەکی پسپۆڕیان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پێکهێناوە بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی هەزاران کەس کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ون بوون.
ئهمهش لهكاتێكدایه، دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە سووریا، وڵاتەکە لە قۆناغێکی ڕاگوزەری هەستیاردا دەژی و هەوڵەکان بۆ داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ و دابینکردنی مافی پێکهاتەکان، بەتایبەت کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بووەتە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆ ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.