کەشتییەکی بارهەڵگری ڤێتنامی بە سەرنشینەوە نووقم دەبێت
کەشتییەکی بارهەڵگری ڤێتنامی لە دەریای باشووری چیندا نووقم دەبێت.
لە دەریای باشووری چیندا، بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە کەشتییەکی بارهەڵگری ڤێتنامی بە زیاتر لە 60 سەرنشینەوە نووقم دەبێت؛ لە ئەنجامدا کۆمەڵێک ڕزگار کراون و کۆمەڵێکی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ڤێتنام ڕایگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگر بە ناوی 'خۆی نگوین 18' لە دەریای ڕۆژهەڵاتی ڤێتنام (دەریای باشووری چین) لە کاتی کەشوهەوایەکی خراپدا نووقم بووە؛ کەشتییەکە 62 کەسی لەسەر بوو و حکوومەتی ڤێتنام هێزەکانی ڕزگارکردن و گەڕانی بۆ شوێنی ڕووداوەکە ناردووە.
بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا 45 کەس ڕزگار کراون و 17 کەسی دیکەش هێشتا ونن، لە کاتێکدا گەڕان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە. فام توو هانگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڤێتنام ڕایگەیاند کە تیمەکانی فریاگوزاری و کەشتییەکانی ماسیگرتن لە گەڕان بەردەوامن.
بەپێی میدیا فەرمییەکانی ڤێتنام، لە ڕووداوێکی جیادا لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 24ی تەممووزی 2026، کەشتییەکی دیکەی ڤێتنامی لە ناو دەریای ناوچەی دوورگەکانی سپراتلیدا نووقم بوو، کە 33 ماسیگر ڕزگار کران و سێ کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
دەریای باشووری چین یەکێکە لە گرنگترین ڕێگا دەریاییەکانی جیهان؛ بەگوێرەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، زیاتر لە 25٪ی بازرگانیی جیهانی لە ساڵی 2024دا بەو ڕێگایەدا تێپەڕیوە، هەروەها ناوچەکە گرنگییەکی زۆری ئابووری و ستراتیژی بۆ گواستنەوەی کاڵا و سەرچاوەکانی وزە هەیە.