خوێندنی باڵا سێ یەکەمەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان ئاگادار دەکاتەوە

کورتە
خوێندنی باڵا سێ یەکەمەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان ئاگادار دەکاتەوە و داوایان لێ دەکات سەردانى تۆمارى گشتى زانکۆکانیان بکەن
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە سێ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانى ناوچەکانی دەرەوەى هەرێم، دەتوانن سەردانى تۆمارى زانکۆکان بکەن بۆ وردەکارى لەبارەى پێشکەشکردنى فۆڕمی داتاکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ پرۆسەی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، لە دانیشتوانی پارێزگاکانى دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەسەر میلاکی حکومەتی فیدراڵی، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاگادارى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکان دەکاتەوە لینکى ناردنى داتاکانى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى فیدرالى لەلایەن وەزارەتەوە ئاراستەى سەرجەم تۆمارى گشتى زانکۆکان کراوە.
بۆ ئەم مەبەستە، ئاگاداری ئەو قوتابییانە دەکرێتەوە، سەردانى تۆمارى گشتى زانکۆکانیان بکەن بۆ زانیارى و وردەکارى لەبارەى چۆنیەتى دەستپێکردنى پرۆسەکە و پێشکەشکردنى فۆڕمەکان، دواتریش لە ڕێگەى تۆمارى زانکۆکانەوە ڕاستەوخۆ داتاکان بۆ ئەنجوومەنى ڕاژەى گشتى فیدرالى دەنێردرێت.