دوو شەمەندەفەر لە هۆڵەندا کارەساتیان نایەوە
دوو شەمەندەفەر لەسەر پردێکی هۆڵەندا ڕووداوێکی گەورە دەنێنەوە و دەزگا ئەمنییەکان لە هۆکاری ڕووداوەکە دەکۆڵنەوە.
لە ئەنجامی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لەسەر پردێک لە هۆڵەندا، ژمارەیەکی زۆر لە سەرنشینەکانی شەمەندەفەرەکان بریندار بوون.
ئەمڕۆ بەرپرسانی تەندروستی و فریاکەوتنی شاری ڕۆتەردام ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو شەمەندەفەری کارەبایی (تراموای) لەسەر پردێکی سەرەکی لە شاری ڕۆتەردامی هۆڵەندا، بە لایەنی کەمەوە 15 کەس بریندار بوون.
ڕووداوەکە لەسەر پردی مێژوویی ئیراسموس ڕووی داوە، کە بەسەر ڕووباری ماسدا تێدەپەڕێت و یەکێکە لە گرنگترین شوێنەکانی ئەو شارە کەناراوییە. ئەم ڕووداوە بووەتە هۆی پەککەوتنی گەورەی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی و داخستنی یەکێک لە گرنگترین دەروازەکانی هاتووچۆ لە شارەکەدا.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان، شەمەندەفەرەکە لە دواوەوە کێشاویەتی بە یەکێکی دیکەدا، ئەمەش بووەتە هۆی تێکشکانی بەشێکی زۆری شەمەندەفەرەکان و بڵاوبوونەوەی پاشماوەکانیان لەسەر شەقامەکە، بەرپرسانی ناوچەکە سەرەتا ژمارەی بریندارەکانیان بە 18 کەس ڕاگەیاند، بەڵام دواتر ئامارەکەیان بۆ 15 کەس ڕاست کردەوە و برینی یەکێکیان سەختە.
کۆمپانیای RET کە بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی هێڵەکانی تراموای لە شارەکەدا، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی، ڕایگەیاندووە کە بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم پێکدادانە ئەنجام دەدەن.