گهرمترین ناوچهی كوردستان دیاریكرا
هەموو ئەوەی دەربارەی گەرمای ئەم دوو ڕۆژە دەبێت بزانیت.
پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو کردووە و لە چەند ناوچەیەک گەیشتوونەتە ئاستی پێوانەیی، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پێشبینییەکانی بەرزبوونەوەی زیاتری گەرما لە ڕۆژانی داهاتوودا.
ئەمڕۆ هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، بەپێی تۆمارەکان قەزای کەلار، مەیدان و قەزای خەبات لە ڕۆژاوای هەولێر گەرمترین ناوچە بوون و پلەی گەرمایان گەیشتووەتە 47 پلەی سیلیزی.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بەرزبوونەوەیە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی گرتووەتەوە و کەرکووکیش بە 45 پلە لە ڕیزبەندی دووەمی گەرمترین ناوچەکاندایە.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پلەکانی گەرمای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاو کردەوە و هۆشداریی دا کە سبەی پێنجشەممە پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن.
بەپێی پێشبینییەکان، گەرمیان دەگاتە 47 پلە و ناوچەکانی زاخۆ و هەڵەبجە دەگەنە 45 پلەی سیلیزی. کەشناسی دهڵێت: "ئاسمانی ناوچەکە بە ساماڵی دەمێنێتەوە و مەودای بینین لەنێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت."
ئهوهشی خستووهته ڕوو، حاجی ئۆمەران بە تۆمارکردنی 30 پلەی سیلیزی بە فێنکترین ناوچەی هەرێمی کوردستان لەم شەپۆلەی گەرمایەدا ماوەتەوە.
ساڵانە لە وەرزی هاویندا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکەونە ژێر کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆکانی وەرزی و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە تەواوی ناوچەکەدا.