حکومەتی هەرێم مژدەی گەورە دەداتە هاووڵاتییان و فەرمانبەران
نوێترین بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بژێویی خەڵک لێره بخوێنهرهوه.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ و خزمەتگوزاری بۆ سووکیی بژێویی هاووڵاتییان دەرکرد، کە تێیدا جەخت لە پاراستنی سەقامگیری، دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی و ئاسانکاریی بێوێنە بۆ قەرزی کارەبا و سزاکانی هاتوچۆ کرایەوە.
ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کۆبووەوە. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، حکومەت بە توندی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند کە هەرێم هەمیشە فاکتەرێکی ئەرێنیی ئاشتی بووە و داوای کۆتاییهاتنی ئەو دەستدرێژییانەی کرد کە ئارامیی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.
سەبارەت بە دۆسیەی خزمەتگوزارییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا لێخۆشبوونی 20 لە سەدی سزاکانی هاتوچۆ تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2026 درێژ بکرێتەوە. هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاسپێردرا ڕێکاری خێرا بگرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنی کەمیی بەنزین و دابەزاندنی نرخەکەی، لەگەڵ چاودێریکردنی وردی کوالیتی لە بەنزینخانەکاندا تاوەکو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.
گەورەترین مژدەی کۆبوونەوەکە بۆ بەشداربووانی کارەبا بوو، کە تێیدا بڕیاری داشکاندنی 50 لە سەد بۆ قەرزی کەڵەکەبووی ماڵان و کشتوکاڵ پەسەند کرا، هەروەها 25 لە سەد داشکاندن بۆ سێکتەرەکانی پیشەسازی و بازرگانی دیاری کرا. ئەم بڕیارە تەنها قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناکی دەگرێتەوە و ئامانج لێی هاوکاریکردنی خەڵکە بۆ پاکتاوکردنی قەرزەکانیان و سەرخستنی پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمدا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران ڕاسپاردەکانی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەرانی پەسەند کرد، تاوەکو لەگەڵ یاسای نوێی خانەنشینیی یەکگرتوو و یاساکانی وەزیفەی گشتیدا بگونجێنرێن و یەکگرتوویی لە ڕێکارە کارگێڕییەکاندا دروست ببێت.
ئهمه لهكاتێكدایه، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی خۆیدا، بەردەوام هەوڵی ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی قورسایی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان دەدات. ئەم بڕیارانە وەک زنجیرە هەنگاوێکی کابینەی نۆیەم دەبینرێن بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان و پەرەپێدانی سێکتەرە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.