پایتەخت

یەکێک لە بەهێزترین بوومەلەرزەی مێژوو وڵاتێکی هەژاند

یەکێک لە بەهێزترین بوومەلەرزەی مێژوو وڵاتێکی هەژاند
کورتە

یەکێک لە بەهێزترین بوومەلەرزەی مێژوو لە ڕووسیا ڕوویدا و سوونامی بەدوای خۆیدا هێنا

 
لە نیمچەدوورگەی کامچاتکای رووسیا یەکێک لە بەهێزترین بوومەلەرزەی مێژوو ڕوویداوە و بەهۆیەوە چەند ناوچەیەک چۆڵ کراون.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کاروباری نائاسایی رووسیا بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 8.8 پلەی رێختەر نیمچەدوورگەی کامچاتکای رووسیای هەژاند و بەهۆیەوە سوونامی لە هەندێک ناوچەی کەناراوی زەریای هێمن دروست بووە.


هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوەیە، سنوومای بەشێکی ژاپۆنیشی گرتووەتەوە و بەشێک لە شارۆچکەی سڤیرۆ کورلیسکی رووسیا داوە، کە بەو هۆیەوە نزیکەی 2 هەزار کەس لە دانیشتووانەکەی بۆ شوێنی سەلامەت گوێزراونەتەوە.


لەلایەکی دیکەوە هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام میدیای فەرمیی رووسیا برینداربوونی ژمارەیەک کەسی ڕاگەیاندووە.

جێی باسە ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەمە بەهێزترین بوومەلەرزە بووە لە ساڵی 1952ـەوە لەو ناوچەیەدا ڕوویدابێت، پێشووتر لەو ساڵەدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 9.0 پلەی رێختەر هەمان نیمچەدوورگەی رووسیای هەژاندبوو، کە بە بەهێزترین بوومەلەرزەی رووسیا دادەندرێت.
30 تەمموز 2025 09:35
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025