مۆرەی بەختی ئیسپانیا؛ فابیان رویز و ڕیکۆردێکی مێژوویی بێ شکست
ڕاستی ئەو جادوانەی فابیان رویز لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەیکات
فابیان رویزی ماتۆڕی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی پاریس سانجێرمان، سەلماندوویەتی کە نەک تەنها یاریزانێکی کاریگەرە، بەڵکو بووەتە نیشانەی بەخت و سەرکەوتن بۆ لارۆخا، چونکە خاوەنی ئامارێکی سەرسوڕهێنەرە و لە ماوەی کاروانی نێودەوڵەتی خۆیدا، هیچ کات لە کاتی ئاسایی یارییەکاندا تامی شکستی نەکردووە.
ئەمڕۆ ئامارە نێودەوڵەتییەکان بڵاویان کردەوە کە لە یاریی پێش کۆتاییدا بەرامبەر فەڕەنسا، کە تێیدا ئیسپانیا بە ئەنجامی 2-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، فابیان رویز 49یەمین یاریی نێودەوڵەتی خۆی بە درێسی لارۆخاوە ئەنجامدا. سەرنجڕاکێشترین خاڵ لەم کاروانەدا ئەوەیە کە ئیسپانیا لە هیچ یارییەکدا کە فابیان رویز لەناو یاریگادا بووبێت، لە کاتی ئاسایی و زیادکراودا (90 یان 120 خولەک) تووشی شکست نەبووە و خاوەنی 36 سەرکەوتن و 11 یەکسانبوونە.
تاکە جارێک کە فابیان رویز یاریگای بە دڵتەنگییەوە جێهێشتبێت، لە یاریی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپای ساڵی 2025 بوو بەرامبەر پورتوگال کە یارییەکە لە کاتی ئاسایی و زیادکراودا بە ئەنجامی 2-2 کۆتایی هات و ئیسپانیا بە لێدانی سزا 5-3 دۆڕاند، بەڵام لەو یارییەدا رویز لە خولەکی 75دا گۆڕانکاری پێکرا و چووە دەرەوە.
ئەم مێژووە بێگەرد و درەوشاوەیەی فابیان رویز، هیوایەکی گەورە دەبەخشێتە هاندەرانی ئیسپانیا پێش یاریی کۆتایی مۆندیال کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوەبچێت، کە تێیدا لارۆخا ڕووبەڕووی براوەی یاریی نێوان ئینگلتەرا و ئەرجەنتین دەبێتەوە.