د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە ئامادەبوونی د. زیندین مەولود بریکاری وەزارەت، کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ بەشێکی کارگێڕیی هۆڵی بۆنە و پرسەکانی شاری هەولێر ئەنجامدا، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕێنماییەکانی تایبەت بە بۆنەکان.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لەسەر پابەندبوونی گشتی و تەواوەتی هەموو لایەک بۆ ڕێنماییەکانی پرسە و بۆنە ئایینییەکان کردەوە، کە لە پێناو خزمەتی گشتیدا دەرکراون.

د. پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژی پرسە تەنها 1 ڕۆژە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە لەو ماوەیە زیاتر بێت.

لە کۆبوونەوەکەدا لێژنەیەک بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پێک هێنراوە.

ئەم لێژنەیە ئەرکی دەرکردنی چەند خاڵێکی ڕێنوێنی دەبێت لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، کە ئامانج لێی دروستکردنی ئاسانکارییە بۆ کەسی پرسەدار و لادانی باری گرانی سەرشانیان، بە جۆرێک کە ئەو ڕێنماییانە لە سەرجەم هۆڵەکانی پرسەدا بە یەکسانی جێبەجێ دەکرێن.