یانەی هەولێر ماڵاوایی لە ئەحمەد زێرۆ کرد
ئهحمهد زێرۆ قەڵا و منارەی جێهێشت و بەرەو بەغدا بەڕێ کەوت
دوای ماوەیەکی زۆر لە دەنگۆ و کێبڕکێی یانەکان بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی، چارەنووسی ئەحمەد زێرۆی بەرگریکار یەکلاکرایەوە و بە فەرمی گەڕایەوە ناو ڕیزەکانی یانەی وەرزشیی شورتە بۆ وەرزی نوێی خولەکە.
ئەمڕۆ یانەی وەرزشیی شورتە ڕایگەیاند، دەستەی کارگێڕی یانەکە بڕیاری داوە ئەحمەد زێرۆ بگەڕێنێتەوە بۆ پێکهاتەی سەرەکی و کۆتایی بە گواستنەوەی یاریزانەکە بهێنێت.
زێرۆ وەرزی ڕابردوو بە شێوەی خواستن لە یانەی هەولێر یاری دەکرد و ئاستێکی بەرز و سەرنجڕاکێشی پێشکەش کرد، کە تێیدا توانی یارمەتی یانەی هەولێر بدات بۆ بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی ڕیزبەندیی خولەکە.
ئەحمەد زێرۆ کە هێشتا یەک وەرزی تری لە گرێبەستەکەی لەگەڵ شورتە مابوو، سەرەڕای هەوڵە جیدییەکانی هەردوو یانەی گەرمە و زاخۆ، دواجار بڕیاری گەڕانەوەی بۆ بەغدا درا بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا بەرگری لە نازناوەکانی شورتە بکات.