نێتفلێکس پشتگیری دەرهێنەرە ژنە عەرەبەکان دەکات
پشتگیریکردنی ژنان بەشێکە لە گەشەی سینەما؛ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی عەرەبی بۆ کولتوور و هونەر باس له ئاییندهی دەرهێنەرە ژنە عەرەبەکان دهكات.
ڕیما مەسمار، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی عەرەبی بۆ کولتوور و هونەر (ئافاق)، پێی وایه گەشەسەندنی سینەمای عەرەبی بەندە بە هەمەجۆریی دەنگەکان و بونیادنانی سیستمێکی کولتووریی گشتگیر، نەک تەنیا دابینکردنی بودجەی دارایی بۆ پڕۆژەکان.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاوی کردەوە، ڕیما مەسمار لە دیدارێکدا ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی ئافاق کردووە لە پشتگیریکردنی هونەرمەندان و دەرهێنەرانی سینەمایی لە ژێر بارودۆخە سەختە سیاسی و ئابوورییەکاندا.
له دیداری ڕۆژنامهكهدا ئهوهی خستووهتهڕوو، هاوکارییەکانیان لەگەڵ نێتفلێکس لە پڕۆژەی ژنان لە جیهانی سینەمادا، بووەتە هۆی دەرکەوتنی نەوەیەکی نوێ لە دەرهێنەرە ژنە عەرەبەکان کە توانیویانە بگەنە میهرەجانە جیهانییەکان، وەک میهرەجانی کان و شۆرت شۆرتیز لە ژاپۆن.
به تێڕوانینی ئهو، سینەما کاتێک پێش دەکەوێت کە هەموو دەنگەکان، بە تایبەت دەنگی ژنان، نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەیان هەبێت لە ناو کایە هونەرییەکەدا.
مەسمار دەڵێت: "ئەرکی ئافاق تەنیا بەخشینی پارە نییە، بەڵکو بونیادنانی سیستمێکی تەواوە کە ڕاهێنان و ڕێنمایی و توێژینەوەش لە خۆ دەگرێت."
ڕیما مەسمار پێش ئەوەی لە ساڵی 2016ەوە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئافاق وەربگرێت، وەک ڕەخنەگرێکی سینەمایی ناسراو لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە کاری کردووە و نوسینەکانی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کولتووری سینەمایی هەبووە.
سندوقی عەرەبی بۆ کولتوور و هونەر (ئافاق) دامەزراوەیەکی سەربەخۆی ناحکومییە و لە ساڵی 2007دا لە بەیروت دامەزراوە، کە ئامانجی سەرەکی پشتگیریکردنی هونەرمەندان و پەرەپێدانی بەرهەمە کولتوورییەکانە لە جیهانی عەرەبیدا.