Banner
پایتەخت

قوتابییانی پۆلی 12 قەرەبوو دەکرێنەوە

قوتابییانی پۆلی 12 قەرەبوو دەکرێنەوە
کورتە

بە زووترین کات ئەنجامی پۆلی 12ی ئامادەیی بڵاودەکرێتەوە.

وەزارەتی پەروەردە هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی وزاری پۆلی 12ی ئامادەیی خستووەتە گەڕ بە مەبەستی ڕەواندنەوەی دڵەڕاوکێی قوتابییان، هاوکات پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی نمرە بۆ ئەو پرسیارانە جێبەجێ کراوە کە هەڵەیان تێدا بووە.

ئەمڕۆ سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردە بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی قوتابییان لە دڵەڕاوکێ ڕزگار بکەن، هەوڵ دەدەن بە زووترین کات ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی وزاری پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەردوو بەشی وێژەیی و زانستی بڵاوبکەنەوە.

بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە، هیچ مەڕاسیمێک بۆ ڕاگەیاندني ئەنجامەکان و دەستنیشانکردنی ناوی یەکەم و دووەم و سێیەمەکان ئەنجام نادرێت، بەڵکو لە ڕێگەی لینکی تایبەتی وەزارەتی پەروەردەوە ئەنجامەکان ڕادەگەیەندرێن و هەر قوتابییەک تەنها نمرەی خۆی دەبینێت.

سەبارەت بە نمرە و پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکان، سەیوان فەرەج ڕوونیکردەوە، هەر پرسیارێک هەڵەی تێدا بووبێت لە بەرژەوەندی قوتابییان قەرەبوو کراونەتەوە، بە جۆرێک هەندێک پرسیار هەبووە گشت وەڵامەکانیان بە ڕاست داناوە و نمرەیان بۆ زیاد بووە، یان ئەوەتا لە پرسیارەکەدا دوو وەڵامیان بە ڕاست ئەژمار کردووە.

بریکاری وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە وانەی عەرەبی گووتی: "بەپێی بەدواداچوونەکان لە وانەی عەرەبیدا هیچ هەڵەیەکی پرسیار نەبووە، بەڵام پرسیارەکان ئاستیان بەرزتر بووە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین مامۆستای پسپۆڕ هێنراون بۆ هەڵسەنگاندنی پرسیارەکان و دەرکەوتووە کە تەنیا هەندێک وشە هەبووە کە هەڵەی زانستی نەبووە، بەڵکو تەنها هاومانا بووە".

ڕۆژی چوارشەممە 8ـی 7ـی 2026، پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی وزاری بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کۆتایی هات.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، بۆ ئەمساڵ 117 هەزار و 142 قوتابی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەییدا کردووە.

09 تەمموز 2026 10:37
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026