کارەکانی قۆناغی دووەمی وێستگەی ستراتیژیی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێر بە تێچووی 579 ملیۆن دۆلار چوونە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ژینگە و بنیاتنانی ژێرخانێکی پتەوی کەرتی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان، کارەکانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ستراتیژیی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێر دەستی پێکرد و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پڕۆژەیە بە تێچووی 579 ملیۆن دۆلار بنیات دەنرێت، کە بە چاودێریی ڕاستەوخۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ جێبەجێ دەکرێت، پڕۆژەکە وەک هەنگاوێکی کاریگەر و بنەڕەتی دادەنرێت بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان، پاک ڕاگرتنی ژینگەی پایتەخت و پاراستنی تەندروستی گشتیی هاووڵاتییان.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، حکومەت ستراتیژیەتێکی هەمەلایەن و درێژخایەنی بۆ کۆکردنەوە و پاککردنەوەی ئاوەڕۆی قورس دەستپێکردووە، کە تێیدا پڕۆژەی دروستکردنی ئەم وێستگەیەی شاری هەولێر وەک یەکێک لە پێکهاتە سەرەکی و هەرە گرنگەکانی ئەو ستراتیژیەتە دەردەکەوێت.