پایتەخت

زیاتر لە 40 دۆنم دارستان و پوش و پاوان سووتان

زیاتر لە 40 دۆنم دارستان و پوش و پاوان سووتان
کورتە

ورده‌كاریی سووتان و كۆنتڕۆڵكردنی 40 دۆنم زه‌وی دارستانەکانی پێنجوێن لێره‌ بخوێننه‌وه‌.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە هەڵمەتێکی چڕدا توانییان کۆنترۆڵی دوو ئاگری گەورە لە سنووری قەزای پێنجوێن بکەن کە بوونە هۆی لەناوبردنی ڕووبەرێکی زۆری دارستان و پاوانی ناوچەکە.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانیان لە دوو شوێنی جیاوازی سنووری پێنجوێن ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوە بوونەتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئاگری یەکەم لە ناوچەی ناوشاخان کەوتووەتەوە و بووەتە هۆی سووتانی زیاتر لە 10 دۆنم پوش و پاوان و دارستانی سروشتیی سنوورەکە.

لەبارەی ڕووداوی دووەمەوە، پۆلیسی دارستان ئاشکرای کردووە، کە ئاگرەکە لە سنووری گوندەکانی بێستان و هەنگەژاڵ تەشەنەی سەندووە. لەم ڕووداوەدا 30 دۆنم زەوی سووتاوە و مەفرەزەکانی بنکەی گەرمک بە هاوکاری بەرگری شارستانی، ڕێکخراوی ملەکەوە و دانیشتووانی ناوچەکە توانیویانە دوای هەوڵێکی زۆر ئاگرەکە بکوژێننەوە.

تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئەم ئاگرانە بە نادیاری ماوەتەوە و تیمەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەی وردیان لەوبارەیەوە دەست پێ کردووە. لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکەن لە کاتی سەردانیکردنی ناوچە شاخاوییەکاندا ئاگاداری پاراستنی ژینگە بن و هۆکار نەبن بۆ دروستبوونی کارەساتی ژینگەیی.

07 تەمموز 2026 14:59
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026