سبەی زەیدی بە سەرۆکایەتی شاندێک دەگاتە تورکیا
سبەی شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی دەگەنە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و بەرپرسانی تورکیا کۆدەبنەوە
بڕیارە سبەی شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، بە سەردانێکی فەرمی بەرەو تورکیا بەڕێ بکەون و لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تەمموزی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند: سبەی سێشەممە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک بە سەردانێکی فەرمی لەسەر داوەتنامەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەگاتە تورکیا.
عەبوودی ئاماژەی بەوەشکردووە: لە سەردانەیەکیدا بۆ ئەنقەرە، شاندی عێراق لەبارەی دۆسیەکانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، ئاشایش و سەربازی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا گفتوگۆ دەکەن. هاوکات دۆخی ناوچەکە و پێشهاتە هەرێمییەکان کە گرنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتن، بەشێک دەبن لە گفتوگۆکان.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی کردەوە، کە دۆسیەی ئاو و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەبارەی وزە و ڕێگەی گەشەپێدان بەشێکی گرنگی ئەجێندای کۆبوونەوەکانی زەیدی دەبێت لە تورکیا.
ئەم سەردانەی عەلی زەیدی بۆ ئەنقەرە، دەبێتە سێیەم سەردانی فەرمی ناوبراو لەم مانگەدا دوای هەریەکە لە واشنتن و تاران، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا چەند ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی نوێ لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە لەبارەی دۆسیەکانی ئاو، هەناردەکردنەوەی نەوت، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسایش، ئیمزا بکرێت.