خێزانێکی سێ کەسی شەهید کران
سوپای پاسداران وێنەگرێک دیاریی شاری سنە و دایک و خوشکێکی شەهید کرد
شەوی رابردوو لەسەر ڕێگەی مەریوان - سنە، سوپای پاسداران دەستڕێژییان لە ئۆتۆمبێلی مەهدی تەوەکولی، چالاکوانی مەدەنی و وێنەگری دیاری شاری سنە کرد، لە ئەنجامدا ناوبراو لەگەڵ دایکی و خوشکێکی شەهید کران.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژهەڵات نیوز، هێزەکانی سوپای پاسداران لەسەر ڕێگەکەی سنە کەمینیان بۆ ئۆتۆمبێلی ئەم چالاکوانە مەدەنییە داناوە و بە تەقەی ڕاستەوخۆ خۆی و دایکی بە ناوی (مریەم ئەسڵانی) و خوشکێکی بە ناوی (سومەییە)یان کوشتووە.
شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە بە ڕۆژهەڵات نیوزی ڕاگەیاندووە، دوای ڕووداوەکە ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران گوشارێکی زۆریان بۆ بنەماڵەی تەوەکولی هێناوە تاوەکو هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکەیان بە 'ڕووداوی هاتووچۆ' لەقەڵەم بدەن و ڕاستیی تیرۆرکردنەکەیان بشارنەوە.
مەهدی تەوەکولی، وێنەگرێکی دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکوانێکی مەدەنی شاری سنە بوو، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ڕۆڵی لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و چالاکییە مەدەنییەکانیدا، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و بەردەوام لەژێر فشار و چاودێریدا بوو.