خێزانێکی کورد لە ڕێگادا گیانیان لەدەستدا
لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا سێ ئەندامی خێزانێک لە کاتی گەڕانەوەیاندا لە ئەڵمانیاوە بۆ کوردستان گیانیان لەدەستدا.
لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە وڵاتی بوڵگاریا، سێ ئەندامی خێزانێکی کورد گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، دوو خێزانی کورد کە ئامۆزای یەکترن و نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیان، دوای وەرگرتنی ڕەگەزنامەکانیان و بەهۆی نەبوونی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی، بڕیاریان دا بە ئۆتۆمبێل بەرەو سلێمانی بگەڕێنەوە، بەڵام لە ڕێگەی بوڵگاریا تووشی ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ بوون.
لە ڕووداوەکەدا 'محەممەد' ناسراو بە (حەمە دۆزی) لەگەڵ هاوسەرەکەی و منداڵە 11 ساڵانەکەی بە ناوی 'جانی' گیانیان لەدەستدا، بەگوێرەی زانیارییەکان کچە 16 ساڵانەکەیان لە ژیاندا ماوەتەوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت، خێزانەکەی دیکەش کە پێنج کەسن، دووانیان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە لە نەخۆشخانە کەوتوون.