پاریس دڵنیایی له سهلامهتی سهرۆكی وڵاتهكهی دهدات
له سووریا دهنگی دوو تهقینهوه بیسترا؛ تەقینەوەکان لە نزیک هۆتێلی سەرۆکی فەرەنسا بوون.
تەقینەوەیەک لە نزیک شوێنی مانەوەی سەرۆکی فەرەنسا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا ڕوویدا و کۆشکی ئێلیزێش سەلامەتیی سەرۆکی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاوی کردەوە، چەند تەقینەوەیەک لە نزیک ئەو هۆتێلەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای تێدا دەمێنێتەوە ڕوویانداوە.
بەپێی زانیارییەکان، تەقینەوەکان بەهۆی چەند عەبوەیەکی چێنراوەوە بوون کە لە نزیک باڵەخانەی وەزارەتی گەشتوگوزار لە ناوەندی دیمەشق تەقیونەتەوە.
لای خۆشییەوە کۆشکی ئێلیزێ لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد، ماکرۆن بە تەواوی سەلامەتە و لە کاتی ڕووداوەکەدا گوێی لە دەنگی هیچ تەقینەوەیەک نەبووە.
دوای ڕووداوەکەش هێزە ئەمنییەکان شەقامەکانی دەورووبەری شوێنی مانەوەی سەرۆکیان داخستووە و ڕێکاری توندیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی شاندە نێودەوڵەتییەکە.
بهپێی میدیاكانی سووریا، دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەکان، دوکەڵێکی زۆر لە ناوچەکە بینراوە، بەڵام تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی سووریا هیچ زانیارییەکی فەرمییان دەربارەی زیانەکان و ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە بڵاو نەکدراوەتەوە.
ئەم سەردانەی ماکرۆن وەک هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی پاریس و دیمەشق لە دوای گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی سووریا دەبینرێت.
ئیمانوێل ماکرۆن یەکەمین سەرۆکی وڵاتێکی گەورەی یەکێتیی ئەوروپایە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا لە کۆتایی ساڵی 2024، سەردانی دیمەشق دەکات.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە سووریا لە قۆناغی گواستنەوەدایە و هەوڵ دەدرێت پێگە نێودەوڵەتییەکەی لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوا جێگیر بکرێتەوە.